Document Type : Research Paper
Abstract
كارلێككردن بە بنەمای سەرەكیی سەرجەم لێكنزیكبوونەوەی تاكەكان و جێبەجێكردنی پێواژۆ ئاخاوتنییەكان بەگشتی و "گفتوگۆ" بەتایبەتی هەژماردەكرێت، بۆیە كۆزمانەوانیی كارلێكی وەك پێویستییەكی زانستی و پڕكردنەوەی بۆشاییەكی لێكۆڵینەوەی كۆزمانەوانی، لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا سەریهەڵدا و تا ڕادەیەكی باش سەرجەم كەلێن و كەموكورتییەكانی تیۆر و میتۆدەكانی وەك (شیكاریی گوتار، شیكاریی گفتوگۆ، كۆزمانەوانیی هەمەجۆری، ...) پڕكردەوە و چەند بنەمایەكی فرەڕەهەند و دەوڵەمەندی تەواوكەری بۆ تیۆرەكەی چەسپاند.
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێكە بۆ ناساندنی میتۆدی كۆزمانەوانیی كارلێكی و ڕۆڵی لە شیكردنەوەی گفتوگۆدا. شیكردنەوەی گفتوگۆ بە چەندین تیۆر و میتۆدی زمانەوانی هەوڵی لێكۆڵینەوە و لێكدانەوەی دراوە، بەڵام باشترین و زانستیترین ئەنجامەكان لە لێكۆڵینەوەكانی كۆزمانەوانیی كارلێكییەوە بەدەستهاتوون، ئەمەش لە ڕێگەی داهێنانی هەردوو بنەمای "ئەنجامگریی گفتوگۆیی" و "ئاماژە دەوروبەرییەكان" و بەكارهێنانیان وەكو میكانیزمێكی وردی شیكردنەوەی واتاكان و هەڵێنجاندنی چەمكە شاراوەكانی گفتوگۆ، جیاوازیی ئەم جۆرە شیكردنەوەیە لەوەدا خۆیدەبینێتەوە، كە فرەڕەهەند و هەمەلایەنە و سەرجەم كۆزانین و زانیارییە مێژوویی و كۆمەڵایەتی و كلتوری و پاشخانییەكانی بەشداربووان پێكەوە تێكەڵدەكات، بۆئەوەی بەسانایی لە كۆد و هێما زمانی و نازمانییەكان تێبگات و واتا دروست و ڕاستەقینەكان بدۆزێتەوە، پاشان لێكدانەوە و شیكردنەوەیەكی تەواوی بۆ بكات.
Main Subjects